ئاسایشی سایبەری

پاش تۆمەتبارکردنی بە سیخوڕیکردن.. کۆمپانیای LG راستیی تۆمارکردنی چالاکیی بەکارهێنەران لە شاشە زیرەکەکانیدا ئاشکرا دەکات

 کۆمپانیای کۆریی ئێڵ جی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەی دایەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بڵاوبوونەوە سەبارەت بە ئەگەری سیخوڕیکردن و چاودێریکردنی بەکارهێنەران لەڕێگەی تەلەڤزیۆن و شاشە زیرەکەکانییەوە، و ڕاستیی کارکردنی سیستەمی کۆکردنەوەی داتاکانی ڕوون کردەوە.

ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە چەندین بەکارهێنەر و شارەزای بواری ئاسایشی سایبەری نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی کە هەندێک لە شاشە زیرەکەکانی کۆمپانیاکە لە کاتی کارپێکردندا چالاکییەکانی بەکارهێنەر، ناوەڕۆکی سەیرکراو، و تەنانەت ناوی فایلەکانی سەر میمۆری و هاردە دەرەکییەکان تۆمار دەکەن و دەینێرنەوە بۆ سێرڤەرە سەرەکییەکان.

مەبەست لە کۆکردنەوەی زانیارییەکان چییە؟

کۆمپانیای LG دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆسەیە بە هیچ شێوەیەک سیخوڕیکردن یان دەستوەردان لە نهێنیی بەکارهێنەران نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پێشکەشکردنی ڕیکلامی تایبەتمەند و گونجاو لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانی بینەر، هاوکات لەگەڵ پێشنیازکردنی ئەو بەرنامە و فیلمانەی کە زیاتر بینەریان هەیە بۆ باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنان.

کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی نهێنیی بەکارهێنەر

کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە کە ڕێز لە تایبەتمەندی و پاراستنی داتای کەسیی کڕیارەکانی دەگرێت، و ڕایگەیاند کە کار لەسەر نوێکردنەوەی نەرمەکاڵای (Firmware Update) شاشە زیرەکەکانی دەکات تا کۆنتڕۆڵی تەواو بداتە دەست بەکارهێنەر بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان بتوانن تایبەتمەندیی کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان لە بەشی ڕێکخستنەکاندا (Settings) بکوژێننەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Back to top button