زیریکی دەستکرد

ملیارێک گیانلەدەستدان لە خراپترین سیناریۆدا.. بێڵ گەیتس هۆشداری لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەدات

بێڵ گەیتس، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، هۆشداریی دا لە مەترسییە شاراوە و ئەگەرییەکانی گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد (AI) بەبێ دانانی سنوور و چاودێریی پێویست. هاوکات داوای لە یاسادانەران و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە بەشداری بکەن لە دانانی یاسا و رێسای پابەندکەر بۆ ڕێکخستنی ئەم تەکنەلۆژیایە و چاودێریکردنی ئاڕاستەی پەرەسەندنی.

گەیتس، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کریستن وێڵکەر لە بەرنامەی ناسراوی “Meet the Press” کە لە کەناڵی NBC پەخش دەکرێت، رایگەیاند کە ژیریی دەستکرد پێویستی بە رێکاری ناچاری هەیە بۆ پاراستنی سەلامەتی و چاودێریکردن. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە پشتپەستن بە تەنها “چاودێریی خودی” لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە بە هیچ شێوەیەک بەس نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە جێبەجێکردنی ئەم کۆنتڕۆڵ و یاسایانە رەنگە هەندێک تێچووی کارپێکردن بخاتە سەر کۆمپانیاکانی ئەم بوارە، بەڵام نابێتە هۆی خاوکردنەوەی خێرایی پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد.

مەترسییەک کە لەوانەیە بگاتە گیانلەدەستدانی یەک ملیار کەس

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، بێڵ گەیتس هۆشداری دا لە ئەگەری بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ مەبەستی وێرانکەر ئەگەر بکەوێتە دەستی “کەسانێک کە نیەتی خراپیان هەیە”.

وتیشی: “ئەم تەکنەلۆژیایە بە دڵنیاییەوە هێندە بەهێز دەبێت کە دەتوانێت رووداوگەلێک بخولقێنێت کە ببنە هۆی گیانلەدەستدانی تا یەک ملیار کەس”، بەتایبەت کاتێک توانای مرۆڤە نەیارەکان لەگەڵ ئامرازە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرددا تێکەڵ دەکرێت کە رەنگە مەترسیی بێوێنە و چاوەڕواننەکراو دروست بکات.

سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانرێت لە کاتی مەترسیدا سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد لەڕێگەی “دوگمەی کوژاندنەوە” (Kill Switch) رابگیرێن، گەیتس رایگەیاند کە ئەم بیرۆکەیە چارەسەرێکی تەواو و پێویست پێشکەش ناکات، هەرچەندە ڕوونیشی کردەوە کە سیستەمەکانی ئێستا هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی بتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەست بەسەر کۆمپیوتەرەکاندا بگرن و رێگری لە کوژاندنەوەی خۆیان بکەن.

داواکارییە بەردەوامەکان بۆ دانانی سنوور

ئەم لێدوانانەی گەیتس پاش وتارێکی درێژ دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بڵاوی کردەوە و تیایدا باسی لە مەترسییەکان و کاریگەرییە فراوانەکانی ژیریی دەستکرد کردبوو لەسەر ئایندەی مرۆڤایەتی. پێشتریش ژمارەیەک لە پێشەنگەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا، وەک سام ئاڵتمان و ئیلۆن ماسک، هۆشدارییان دابوو لە ئەگەری بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە پەرەپێدانی چەکی بایۆلۆجی یان دروستکردنی کارەساتی جەنگی.

لە پەیوەندییە کەسییەکانمدا راوێژ بە ژیریی دەستکرد ناکەم

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، کاتێک لە گەیتس پرسرا لە چ بوارێکدا خۆی لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بەدوور دەگرێت، بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی دایەوە کە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و تایبەتییەکانیدا پەنا بۆ ژیریی دەستکرد نابات. گەیتس بە پێکەنینەوە وتی: “پرسیاری وەک ‘ئایا منت خۆشدەوێت؟’ یان ‘ئایا من کەسێکی باشم؟’ لە ژیریی دەستکرد ناکەم”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو سنوورەی کە خۆی بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە ژیانی تایبەتیدا دایناوە.

Related Articles

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Back to top button